په‌یامی باش له‌ زه‌مینه‌ی‌ خراپدا

خەڵەف غەفور

دوایین په‌یام و نامه‌كانی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك بڵاوكرایه‌وه‌، داوا و جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ دانوستانه‌كانی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ پرسی دیموكراسی و كورد له‌ توركیا. ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌كایه‌ی‌ چه‌ندین گۆڕانكاری له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆی توركیا، هه‌روه‌ك گیرۆده‌بوونی‌ توركیا به‌ چه‌ندین قه‌یرانی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ و ناوچه‌یی و ئه‌وه‌ش به‌قورسی ئابووری توركیای‌ دووچاری‌ داكشان كردووه‌.

قۆناغی‌ یه‌كه‌می پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌ستیپێكرد، هه‌نگاوی‌ سه‌ره‌تایی باش نران، دۆزی كورد هه‌نگاوی زیاتر چووه‌ پێشه‌وه‌، وه‌ستان و شكستهێنانی‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ ده‌یان هۆكاری‌ هه‌بوون و لایه‌نی‌ كوردیش بۆ خۆی‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان بوو.
له‌نێوان قۆناغی‌ یه‌كه‌م و دووه‌می‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتیدا جیاوازییه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ هه‌یه‌ كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ ده‌بێت، له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا ئه‌ردۆغانێكی‌ به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتێكی‌ یه‌ك حزبی هه‌بوو، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌س بڕیاری‌ ده‌دا، حزب و حكومه‌ت له‌ ده‌ست خۆی‌ بوو، به‌ڵام ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌یه‌.

قۆناغی‌ دووه‌می پرۆسه‌كه‌ تیایدا كورد و ئه‌ردۆغان كاره‌كته‌ری‌ به‌هێز نین، ئیداره‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان هاوبه‌شی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش پارتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی توركیا «مه‌هه‌په‌»یه‌، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی كه‌ سه‌رۆكی‌ حزبه‌كه‌یه‌، روون و ئاشكرا دژی‌ كورده‌، له‌مه‌یاندا ئه‌ردۆغان ده‌ستكراوه‌ نییه‌ و ناتوانێ دڵی‌ باخچه‌لی بڕه‌نجێنێ، مه‌هه‌په‌ بۆ ئه‌ردۆغان ژماره‌یه‌كی‌ قورسه‌ و به‌كشانه‌وه‌یان له‌ هاوپه‌یمانێتی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆغان ده‌توانن ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

با چه‌ند وێنه‌یه‌ك بهێنینه‌ به‌رچاوی خۆمان كه‌ یارمه‌تیده‌رمان ده‌بن بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی‌ قورسه‌ قۆناغی‌ دووه‌می پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ كه‌ به‌ڕێز ئۆجه‌لان داوای‌ كردووه‌، وازوو ده‌ستپێبكات و سه‌ركه‌وتووش بێت:

یه‌كه‌م: پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان و ده‌وڵه‌تی‌ توركیا ئێستا له‌ هه‌مووكات زیاتر شه‌ڕی‌ نێوانیان گه‌رمه‌.

دووه‌م: له‌نێوان به‌ڕێز ئۆجه‌لان و قه‌ندیل ساردییه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می به‌ڕێز جه‌میل بایك-دا.

سێیه‌م: ئه‌ردۆغان وه‌كو پێشتر به‌هێز نییه‌، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی هاوسه‌نگی‌ سیاسی‌ بۆ راگرتووه‌، بییه‌وێ له‌ كورد نزیك ببێته‌وه‌ به‌ئاسانی‌ زه‌فه‌ری‌ پێ ده‌بات و ئه‌گه‌ر نه‌شیخات، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر دروست ده‌كات.

چواره‌م: ئه‌ردۆغان و باخچه‌لی، دۆڕانی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ توركیا به‌تایبه‌تیش له‌ ئیستانبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان «هه‌ده‌په‌»، له‌وه‌ تێده‌گه‌م تاماوه‌یه‌كی‌ تریش به‌دوای‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌وه‌ن نه‌ك ده‌ستپێكردنی‌ ئاشتی‌.

پێنجه‌م: به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ ئه‌كه‌په‌ و ئه‌ردۆغان، هه‌ده‌په‌ش گیرۆده‌ی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ گه‌لی كۆماری‌ «جه‌هه‌په‌»، به‌تایبه‌ت پرۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ داواكردنی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌، له‌مه‌یاندا جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ چاوه‌ڕوانی‌ دامه‌زراندنی‌ حزبه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ عه‌لی باباجان یان داود ئۆغڵون كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ نزیكه‌ی‌ 100 په‌رله‌مانتار له‌ ئه‌كه‌په‌ جیاببنه‌وه‌ و له‌كاتێكی‌ واشدا ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ ئاسانتر ده‌بێت.

شه‌شه‌م: جه‌هه‌په‌ش هۆكارێكی‌ تره‌ كه‌ پێیخۆش نییه‌ هه‌ده‌په‌ و ئه‌ردۆغان له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه‌ له‌به‌ر دوو هۆكار، یه‌كه‌میان پێویستی‌ به‌ده‌نگ و پتشتیوانی‌ هه‌ده‌په‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا له‌ 2023، دووه‌میشیان بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك له‌ناو په‌رله‌مان بیه‌وێ بیجوڵێنێ، هه‌ده‌په‌ نزیكترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانییه‌ لێیه‌وه‌.

دۆخی‌ ئێستای توركیا به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ قۆناغی‌ دووه‌می پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ زۆر قورس كردووه‌، په‌یامه‌كانی‌ به‌ڕێز ئۆجه‌لان ئه‌و گرێكوێره‌یان پێ ناكرێته‌وه‌ هه‌روه‌كو چۆن هه‌ده‌په‌ داواكه‌ی‌ ئۆجه‌لانی ره‌تكرده‌وه‌ له‌كاتی‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ ئیستانبوڵ.

ده‌كرێ دوایین پەیامی بەڕێز ئۆجەلان ناوبنێین «په‌یامێكی‌ باش له‌ زه‌مینه‌یه‌كی‌ ئاڵۆز و خراپدا».

٭گۆشەی کەمین پۆڵەتیک لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ

AM:10:11:25/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌