باسوخواسی جینۆساید لە کۆڵانەکانی کوردستاندا

خەڵەف غەفور

بە جولەکەیشەوە هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد جینۆساید نەکراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا رەنگە دروست بێت بێژین کەمتەرخەمترین نەتەوە لە هەوڵدانی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی بۆ ناساندنی جینۆسایدکردنی بەجیهان هەر کوردە و لەمەشیاندا وێنەی نییە.

دوو بابەتی گرنگ هەن کە پێویستە بۆ قسەکردن لەسەری کۆدەنگی دروستبکەین، یەکەمیان رێگرتن لە دووبارە جینۆسایدکردنەوەی نەتەوەی کورد و دووەمیشیان ناساندنی جینۆسایدکردنەکانی کورد بەجیهان کە ئەمەشیان هەر تەواوکەری بابەتی یەکەمە.

نموونەکانی گەلی ئەرمەن و جولەکە بەردەستترین نموونەن کە چۆن جینۆسایدکراون و دواتریش چۆن ئەو جینۆسایدکردنەیان بەجیهان ناساندووە و ئێستا خاوەن سەنگ و دەنگی نێودەوڵەتین، هەروەک خاوەنی دوو گەورەترین لۆبین لەسەر ئاستی جیهان، جولکە بەهێزترین لۆبی لە ئەمەریکا هەیە و زۆریش هەن بەهەڵسوڕێنەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایان دەزانن، لۆبی ئەرمەنیش لە ئەڵمانیا کە زۆرترین پەنابەری تورکی لێیە لەسەر ئاستی ئەوروپا خاوەن هێز و هەیمەنەی سیاسی و ئابوورین.
هەردوو نموونەکە پشت بەهێزی گەورەی ئابووری دەبەستن، ئابووریی بەهێزی جولەکە و ئەرمەن خراوەتە خزمەت لۆبی کردن بۆ دوو نەتەوەی جینۆسایدکراوەوە، بۆ ئەوەش هەزاران کۆنفرانسی زانستی، ناوەندی دۆکۆمێنتکردن و توێژینەوە، دەزگای خێرخوازی و رێکخراوی مەدەنییان بۆ دامەزراندووە و رۆژانە کاری جدی لەسەر دەکەن.

لە بیست و حەوت ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژێکی روونی بۆ بەجیهانناساندنی جینۆسایدکردنی نەتەوەی کورد نەبووە، جینۆسایدەکانی ئەنفال، هەڵەبجە و دوایەمینیشیان جینۆسایدی ئێزدییەکان بوو لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

لەم رێڕەوە بیست حەوت ساڵییەدا کاری گرنگ کە دەبوو بکرێن و نەکراون زۆرن لەوێنەی:
یەکەم: تائێستا دامەزراوەیەکی نیشتیمانی بۆ دۆکیۆمێنتکردنی جینۆسایدکردنی کورد نییە کە بەشێوەیەکی ورد کاری بکردایە و ئێستا هەرێمی کوردستان لەو رووەوە بەڵگەی زۆری لەبەردەست بووایە.
دووەم: دامەزراوەیەک نییە بۆ وەرگێڕانی ئەو بەڵگە کەم و هەوڵە تاکە کەسیانەی لەبارەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردەوە نووسراون بۆ ئەوەی پیشاندانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدرێت.
سێیەم: مۆنۆمێنتی نیشتمانی لەسەر ستانداری جیهانی بۆ جینۆسایدکردنی نەتەوەی کورد نییە.
چوارەم: خاڵی گرنگتر لەمانە کەلەهەمانکاتدا پشتی ئەستوورە بەبوونی خاڵی یەکەم و دووەم و سێیەم بریتییە لە بوونی لۆبی. هەڵبەت لۆبی ستراتیژیی سیاسی و هێزی ئابووریی گەورەی پێویستە بۆ دانانی کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگای سیاسی نێودەوڵەتی، بەشێوەیەک هێزەکەی بایی ئەوەندە بێت کە ناوەندە جیهانییە گرنگەکان مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
کابینەی نۆیەم کە لە سەرەتای کارکردنێتی گرنگە ستراتیژێکی سیاسی گرنگ بۆ دانانی بنەمایەکی تۆکمە بۆ دروستکردنی لۆبیی کوردستانی دابنێت، بیرۆکەکە هەیە، لێ پێویستی بەستراتیژ و هێزی ئابووری گەورەیە، هەروەک رۆڵپێدان بەکەسانی شارەزا و کاریگەر لە لۆبیکردن بۆ نەتەوەی کورد.

رەنگە لەمەیاندا هەڵەی بەرچاو ئەوەبێت لۆبی تەنیا لەوەدا کورت بکرێتەوە کە  حکومەتی هەرێمی کوردستان   نوێنەرایەتی لە دەرەوەی هەبێت و بەپێچەوانەیشەوە نوێنەرایەتی وڵاتانی دیکە لە هەولێر هەبێت. راستییەکەی ئەمە بەشێکی کارە گرنگەکەیە و بەشی سەرەکی و کاریگەری لۆبیکردن بریتییە لەبەگەڕخستنی توانای ئابووری گەورە و دروستکردنی بەرژەوەندیی لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکە یان هێزە سیاسییە گەورەکانیان.

کەرەستەکانی لۆبیکردن بوونی هەیە، داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتیمانی و پاڵپشتیکردنی بەبودجەیەکی گەورە ئەرکی گرنگە و ئەگەر واش نەکرێت ئەوا باسکردنی جینۆسایدکردنی کورد هەر لەنێو کوچە و کۆڵانەکانی کوردستاندا دەمێنێتەوە.


PM:02:27:05/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌