دۆخی ئەستانبوڵ

خەڵەف غەفور

وا ئیتر وردە وردە سەرەتای ئەو ململانێ سیاسییەی بەهۆی دۆڕانی پارتی داد و گەشەپێدانەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە هەردوو گەورە شاری ئەنقەرە و ئەستانبوڵ تووشی بوو دەردەکەوێ و بەپێی کات و راکێشانی کارتەکانیش دژی یەکتر ململانێیەکە شێوازی نوێ وەردەگرێ.

هەڵبەت لە سیاسەتکردنێکی لەو شێوەیەشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان «ئەکەپە» دەستپێشخەرە و هەر ئەوەیشی لێ چاوەڕوان دەکرا، بەتایبەت لە ساڵی 2002ەوە یەکەمجارە ئەردۆغان هەڵبژاردن بدۆڕێنێ، نەخوازەڵا دەسەڵاتی شاری ئەستانبوڵیشی لەدەستبچێ.

جینان قەفتانچی، بەرپرسی یەکەمی پارتی گەلی کۆماری «جەهەپە» لە ئەستانبوڵ کە هاوکات بە ئەندازیاری بردنەوەی جەهەپەش لەو شارە ناوی دەهێنرێ، لەسەر کۆمەڵێک تویت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کە تیادا رەخنەی تەنزی ئامێزانەی لێگرتبوو، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە درایە دادگا و بەپێی میدیاکانی تورکیا سزای زیندانیکردنی 9 ساڵ و هەشت مانگ بۆ قەفتانچی دەرچوو.
هەنگاوی یەکەمی ململانێیەکان لە ئامەدەوە دەستیپێکرد، دوورخستنەوەی 4 سەرۆک شارەوانی پارتی دیموکراتی گەلان «هەدەپە» لەلایەن دادگاکانی تورکیاوە بەپێشنیازی ئەکەپە سەرەتای قۆناغێکە کە هێزێکی سیاسی دەسەڵاتدار تیایدا دۆڕان قبوڵ ناکات، بەڵکو روونتریش بێژم هەمیشە پلانی B لەبەردەستە بۆ ئەوەی نرخی دۆڕانەکەی لە سەرکەوتووەکان وەربگرێتەوە.

ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت بەهەندێک هۆکار نەکرێ، ئەوا تا ساڵی 2023 ئەردۆغان سەرۆک دەبێت، بەڵام توانای مانۆڕکردنی لە ئەنقەرە و ئەستانبوڵ کەمتر دەبێتەوە، ئەمە گرفت و گرێیەکی بۆ سەرۆک دروستکردووە، بۆیە وردە وردە پرۆسەی کێوماڵکردنی براوەکانی دەستپێکردووە و یەکەم لێدانیش بەر هەدەپە کەوت.

سیناریۆکان زۆرن بۆ ئەوەی سیاسەتی قۆرخکاری بووەستێنرێت:
یەکەم: جەهەپە هەروا ئاسان ناخورێ، ریشەی قوڵی لە کۆمەڵگەی تورکی و نێو سوپا و پۆلیس هەیە، رەنگە لەئاست هەندێک رووداو بێدەنگی هەڵبژێرێ، بەڵام کار بگاتە سەر شکاندنی، ئەوا کارتی کاریگەریی لەدەستە بەکاری بهێنێ.

دووەم: عەلی باباجان، ئەحمەد داود ئۆغڵو و عەبدوڵڵا گویل لایان روونە کە ئەوانیش لە چوارچێوەی پرۆسەی لەقاڵبداندان، ئاماژەکانی پێشتر دەرکەوتن بەتایبەت لیژنەی تەئدیب لە ئەکەپە بڕیاری دەرکردنی داود ئۆغڵوی دەرکرد.
ئەو سێ کەسایەتییە خاوەن و دەنگ و رەنگ و کاریگەریین و دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە ئەبدەیتکردنەوەی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن، دوورنییە لەناوەوە حزبەکەی ئەردۆغان بخۆن و هێند بتوان لاوازی بکەن.

سێیەم: هۆکاری دەرەکی هاوکارە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری، هەڵبەت لە چەندین وتار و بۆنەدا ئەردۆغان ئەمەی وەکو دەستتێوەردان و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی تورکیا باسکردووە، بەڵام مەترسییەکەی گەورەشە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت رەنگە ئەستانبوڵ ببێتە ژینگەیەکی خوێناوی بەتایبەت ئەگەر جەهەپە بیەوێ شەقام بجوڵێنێ.

چوارەم: هەدەپە نابێت بێدەنگ بێت، ئەوەی دەتوانێت بیکات بەردەوام بوونە لەگەڵ جەهەپە «ئەگەرچی چوونە پاڵ جەهەپە کارێکی خراپ بوو»، تونێلە تاریکەکانی ئەردۆغانی لەگەڵ جەهەپە بڕی، یەکەم لێدانی بەرکەوت و هی تریشی بەردەکەوێ، گەڕانەوەی بێهێزی دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە ئەردۆغان سیاسەتی «پەرت بکە و زاڵ ببە» بەکاربێنێ بۆ ئەوەی یەک یەک سزایان بدات.
گرنگی ئەستانبوڵ، تورکیای رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە، لەوێ دوو سیناریۆ هەیە:

یەکەم: ئەستانبوڵ لە شاری جوانی و گەشتیاری و بازرگانییەوە دەبێتە ژینگەی ململانێ سیاسییەکان و دانیشتوانەکەی زیاتر بۆنی خوێن دەکەن.

دووەم: دەبێتە خاڵی کۆکەرەوەی دژەکانی دەسەڵات و بەسیناریۆی جیاواز، چی پێش 2023 یان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەوکاتە ئەردۆغان لە دەسەڵات دووردەخەنەوە.

PM:07:59:11/09/2019