ده‌رگا داخراوه‌کانیش هێشتا ژه‌نگاوی نه‌بوون

خەڵەف غەفور

دۆزی کوردی دابه‌شبوو به‌سه‌ر وڵاته‌کانی ده‌وروپشتدا، هێشتا له‌ زۆر رووه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر ده‌رگاکانی داخراون، به‌ڵام پێشکه‌وتنه‌ ناوخۆییه‌کان و ئاماژه‌کانی پشتیوانیکردنی نێوده‌وڵه‌تی بۆی، به‌ هۆکاری جیاواز به‌رمه‌بنای ئه‌وه‌ن هێشتا گه‌شبینی به‌ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵبچنی‌و بڕوای ئه‌وه‌ت لا دروست ببێت که‌وا ده‌رگا داخراوه‌کانی به‌ڕووی چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورددا ژه‌نگیان هه‌ڵنه‌هێناوه‌ و بگره‌ بۆ چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تاییش بێت ده‌ست ده‌ده‌ن.

په‌یوه‌ندی له‌نێوان دۆزی کورد له‌ به‌شه‌کانی کوردستان هه‌یه‌، ته‌نیا به‌شێکیان که‌وا سه‌ره‌ڕای گه‌رموگوڕییه‌که‌ی به‌هۆی گه‌مارۆکانی سه‌ر حکومه‌تی وڵاتی باڵاده‌سته‌وه‌ که‌متر ده‌جوڵێنرێت دۆزی کورده‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌ڵام به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان زۆر به‌رباسن و زیاتر له‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ره‌وه‌ نزیکن.

ئه‌زموونی باکوور و باشووری کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی هارمۆنییان به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت که‌وا تورکیا هه‌یمه‌نه‌یه‌کی ئابووری زۆری له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، هه‌رچی ستراتیژیی هه‌ولێریشه‌، زیاتر به‌هۆی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی له‌ به‌غدا و بوونی کێشه‌ی زۆره‌وه‌، هانی زیاتر درا بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ تورکیا و دروستکردنی په‌یوه‌ندییه‌کی ئابووریی ناهاوسه‌نگ. له‌و نێوه‌دا تورکیا هه‌رچی زیاتره‌ باڵاده‌سته‌، دوو سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووتری عیراق «نوری مالیکی و حه‌یده‌ر عه‌بادی» به‌هۆی فشاری تاقه‌ت پڕوکێنیانه‌وه‌ له‌سه‌ر کوردستان، وایانکرد هه‌ولێر زیاتر له‌ ئه‌نقه‌ره‌ نزیک ببێته‌وه‌.

ساڵانی باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا و کوردستان به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کوردیش له‌ باکووری کوردستان سوودی باشی هه‌بووه‌، به‌ڵام زۆر هۆکار وایانکرد به‌ره‌وپێشچوونه‌کان بووه‌ستن و ئه‌نقه‌ره‌یش چیدیکه‌ به‌ داواکانی هه‌ولێر بۆ کرانه‌وه‌ی زیاتر به‌ڕووی کوردا رازی نه‌بێت، له‌وێوه‌ ده‌رگا نیمچه‌ کراوه‌کان ورده‌ ورده‌ داخرانه‌وه‌.

بۆ به‌شه‌کانی باشوور و باکووری کوردستان چه‌ند مه‌ترسی و هه‌روه‌ها رێگه‌یه‌کیش هه‌نه‌:

یه‌که‌م: هێزی هه‌رێمی کوردستان کاریگه‌ریی باشی بۆ چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد له‌ تورکیا هه‌یه‌.

دووه‌م: ئه‌و هێزه‌ په‌یوه‌ندی به‌ په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تێکی ریالیستییه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک کارکردن به‌ سۆز و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌ک لایه‌نه‌.

سێیه‌م: بوونی په‌یوه‌ندی باش له‌نێوان به‌غدا- ئه‌نقه‌ره‌ به‌ زیانی چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد ده‌شکێته‌وه‌ و هه‌ڵبه‌ت له‌ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی دژایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی کوردستانیشدا ئێران هاوبه‌ش و پاڵپشت ده‌بێت.

چواره‌م: تائێستا رۆڵی ئه‌مریکا سنوورداره‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد، له‌سه‌ر ئاستی تورکیا هێشتا ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پشتیوانی زیاتر له‌ تورکیا ده‌که‌ن وه‌ک له‌ په‌که‌که‌. هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌ رۆڵی ئه‌مریکا له‌ پشتیوانیی کورددا روونتره‌، به‌ڵام هێشتا سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆییخوازی کورد ره‌تده‌کاته‌وه‌.

پێنجه‌م: هه‌رێمی کوردستان هێشتا جێگره‌وه‌یه‌کی دڵنیاییکه‌ره‌وه‌ نییه‌ بۆ ئه‌مریکا له‌ وێنه‌ی ئیسرائیل له‌ ناوچه‌که‌، له‌مه‌یاندا ئه‌مریکا تاوانبار نییه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یه‌ک سیاسه‌ت، جیهانبینی، ستراتیژ و ژێرخان و سه‌رخانی نییه‌، هۆکاری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریکا متمانه‌ی کرداریی به‌ هه‌ولێر نه‌بێت.

شه‌شه‌م: ره‌نگه‌ ده‌رگا کردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و ئامه‌د به‌ئاراسته‌ی چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد دروست نه‌بێت، له‌لایه‌ک کارتی دانووستاندنی به‌هێز نه‌بێت و هۆکاری سه‌ره‌کیش ئه‌وه‌بێت هێزی نێوده‌وڵه‌تی هێشتا به‌ته‌واوه‌تی له‌ قازانجی نه‌بێت.

هه‌ڵبه‌ت سیاسه‌تی راست ئه‌وه‌یه‌ بڕوا به‌داخستنی ده‌رگاکانی ئه‌وانی نه‌یار نه‌کرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزی کوردی هه‌م یه‌کبخرێته‌وه‌ و هه‌م ستراتیژیی ریالیستی دروست بنیادبنێت، هه‌م هێزه‌کانی دووره‌ ده‌ست و هه‌میش ده‌وروپشت ورده‌ ورده‌ هه‌نگاوی چاره‌سه‌ر ده‌نێن، مادام دۆزی کورد له‌ راسته‌ڕێ لای نه‌داوه‌.

*گۆشەی کەمین پۆڵەتیک لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ

PM:01:48:03/10/2019