دیاردەی ١ی تەممووز

ملکۆ ئەحمەد

یەکێک لەو دیاردە دەگمەنانەی دنیا کە بەتەنها لەناو کۆمەڵگای عیراقییدا هەیە، دیاردەی ١ی تەممووزە، ئەوەیە کە زۆربەی تەمەندارەکان رۆژی بوونیان کەوتووەتە یەکەم رۆژی مانگی تەممووزەوە.

لە سەدەی رابردوودا نیوەی زیاتری عێراقییەکان لە ناسنامەی باری شارستانییەکانیاندا بە لەدایکبووی ١/٧ لە قەڵم دراون، ئەمەش بە دەگمەنترین دیاردە یان تایبەتمەندیی عیراقییەکان هەژماردەکرێت.

ئەم بەیانییە نامەیەکم بۆ هاتبوو لە پرۆفیسۆر (بانیا ناتسوشی)یەوە، کە شاعیر و نووسەرێکی ژاپۆنییە و سەرۆکی دەزگای هایکوی جیهانییە، داوای لێمکرد، (Happy Birthday) بۆ بکەم بەکوردی بۆ ئەوەی بە زمانی خۆم پیرۆزباییم لێبکا، من دەستەواژەکەم بۆی وەرگێرا و ناردم، بەڵام رووم نەهات ئەوەی بۆ روون بکەمەوە کە نیوەی زیاتری خەڵکی عێراق لەم رۆژەدا لەدایکبوون، واشم لێهات بە دوای هۆکاری راستەقینەی ئەم دیاردەیە بگەڕێم.

هۆکاری ئەم دیاردەیە بەتەواوەتی نەزانراوە، بەڵام هەندێ لە توێژەرانی بواری کۆمەڵناسیی و پسپۆڕان بە ڕاوبۆچوونی جیاواز هەندێ لەو هۆکارانە دەخەنە ڕوو:
هەندێک پێیان وایە کە پێش سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، واتا سەرژمێرییەکانی ساڵانی(١٩٢٣-١٩٣٤-١٩٤٧) ساڵی لەدایکبوون بە مەزەندە دەنووسرا، بە پشت بەستن بە رای موختار یان گەورەی ئاوایی یان فەرمانبەری فەرمانگەی باری شارستانی یان فەرمانبەری سەرژمێریی ئەوکات، ئەوەش لەبەر نەبوونی هیچ دۆکیومێنتێکی باوەڕپێکراوی وەک بەیان ولادە، چونکە زۆربەی لەدایکبووان لەمالەوە لەدایکدەبوون.

لە ٢/١٠/١٩٥٧ سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام درا، کە بە شێواز و تەکنیکی زانستی و پەرەسەندوو لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە سیستمی ئەمریکی بەڕێوەچوو، و لە جیاتی (احێاء) پێی دەوترا (انحێار) واتا ئابڵوقەدان، چونکە لەو رۆژەدا نەدەبوو کەس لە مال دەرچێ بۆ ئەوەی بیبەش نەبێ لە خۆتۆمارکردن.
مامۆستا عبدالوهاب جبوری کە یەکێک بووە لە بەشدابووانی سەرژێریی گشتیی عێراق دەڵێ: پرۆفیسۆریکی میسری بە ناوی (محمد ریاچ الشنوانی) رۆژی (١ی تەممووز) دیاریکردووە، کە یەکیک بووە لەو پسپۆرانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرپەرشتیاریی سەرژمێرییەکەیان کردووە. پێیان وابووە ئەو میژووە دەکاتە ناوەراستی ساڵ بۆیە بە گونجاویان زانیوە و هەرکەسێک دۆکیومێنتی فەرمی پێنەبووایە کە ئاماژە بە ڕوژ و مانگ و ساڵی لەدایکبوونی بکات، ئەوا ١ی تەممووزیان بۆی دادەنا.

زانای کۆمەڵناسی عێراقی (عەلی ئەلوەردی) پێیوابووە کە هۆکاری ئەم دیاردەیە ئەوەیە سەرژمێریی ساڵەکانی ١٩٤٧ و ١٩٥٧ کەوتوونەتە رۆژی ١ی تەممووزەوە، بۆیە زۆربەی خەڵک لە تەسکەرە ئەو رۆژەیان بۆ رۆژی لەدایکبوونی دیاریکردووە.
هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٧٨ ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بە ژمارە (١٣٦٧) بڕیارێک دەردەکات کە دەسەڵات دەدات بە وەزیر بۆ هەموارکردنی رۆژ و مانگی ئەو کەسانەی لەو رۆژە لەدایکبوونە و گۆرینی بۆ (٣١/١٢) کە دەکاتە سەری ساڵ لە کاتی خانەنشینکردندا، واتا درێژکردنەوەی خزمەتی فەرمانبەر بۆ شەش مانگ.
هەروەها یاسای نوێی خانەنشینکردنیش ئەم پرەنسیپەی چەسپاندووە بە ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤، بەو پێیە ئەم پرەنسیپە تا ساڵی ٢٠٢٠ کاری پێدەکرێ چونکە دوا فەرمانبەر کە لەدایکبووی ١٩٥٧ بێت، دەبێتە خاوەن (٦٣) سال خزمەت.


PM:01:01:01/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌