هاوبەشێکی راستەقینە لە کەرکووک

عارف قوربانی

لەدوای کەوتنی سەدامەوە تا 16ی ئۆکتۆبەر، ئیدارەی کەرکووک بەدەستی کوردەوە بوو. سەرباری ئەوەی بەغدا، ئەمریکا، بەریتانیا، نەتەوەیەکگرتووەکان، تورکیا و وڵاتانی کەنداو کە خاوەندارێتی عەرەبی سوننەیان دەکرد، هەریەک لەم لایەنانە بەشێوەی جۆراوجۆر بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رۆڵ و دەستیان لە ئیدارەدانی کێشەکانی کەرکووکدا هەبوو. بەڵام لەبەر ئەو واقیعەی لە کەرکووک بۆ کورد دروست بوو بوو، ئەو قۆناغە مێژووییە بە باش و خراپییەوە لەسەر کورد ئەژمار دەکرێت.

لە حەقیقەتیشدا، لەو 14 ساڵەدا دەرفەتی ئەوە هەبوو کورد بە ئیدارەدانێکی باشی شارەکە بە پرۆژەی خزمەتگوزاری، بە راگرتنی هاوسەنگی لە هاوبەشیی بەڕێوەبردندا، وێنایەک بۆ خۆی دروست بکات کە پێکهاتەکانی تر خۆزگەی ئەوەیان بخواستایە سەت ساڵ لەوەوپێش کەرکووک بکەوتایە دەستی کورد. بەڵام بە دەربڕینێکی زۆر سادە، کورد بە جۆرێک حوکمی کەرکوکی کرد کە تا سەت ساڵی تریش پێکهاتە جیاجیاکانی کەرکووک، دەسەڵاتی کوردی هاوشێوەی ئەوەی پێش خۆی رەتبکەنەوە.

ئێستا دەمی هەر کوردێک بکەیتەوە، دان بەوەدا دەنێت کە ئەدای ئیداری و سیاسیی کورد خراپ بووە لە کەرکووک، لە هاووڵاتییەکی ئاساییەوە تا سەرکردایەتی حیزبە سیاسییەکان، بەوانەشەوە کە خۆیان بڕیار بەدەستی یەکەمی کەرکووک بوون. کورد خۆی ناڕازییە، تورکمان ناڕازین، عەرەب ناڕازییە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا و ئەمریکا، هەموویان لۆمەی ئەو شێوازە لە حوکمداری دەکەن. بۆیە ئەوەی پێیگەیشتووین دەرئەنجامە، کەڵەکەبووی ئەو هەموو هەڵە و خراپ بەڕێوەبردنە ئیداری و ئەمنیەی شارەکە و جۆری پەیوەندی و ئاراستەی سیاسی حیزبەکانمانە. راستە 16ی ئۆکتۆبەر ئەو خاڵی وەرچەرخانە بوو کە کەرکووک لە دەستی کورد دەرهێنرا و خرایە دەستی عەرەبەوە، بەڵام چەندین ساڵی تریش کەرکووک لە دەستی کورد بمابایەوە هیچ ئاسۆیەک نەبوو کە پارێزگاکە بە قازانجی پرۆژەی کوردی کێشەکانی چارەسەر دەبن، بگرە رۆژ لەدوای رۆژ نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خەڵک لە دەستی کورد زیادیان دەکرد و سەرئەنجام کەرکووکیان لە چارەسەر دووردەخستەوە. ئەمانە راستییەکن بۆمان ناشاردرێتەوە و کەس ناتوانێ‌ نکوڵییان لێبکات. بەهۆی ئەمانەوە کورد لە حاکمیەتی کەرکووکەوە بەو جۆرە رەزیل کرا کە ئێستا دەیبینین.

مەبەستم لە خستنەڕووی ئەم حەقیقەتە تاڵە ئەوەیە کە ئایا پەندمان لە هەڵەکانی ئەو 14 ساڵە وەرگرتووە، هیچ پلان و بەرنامەیەکمان داناوە ئەگەر دەرفەتێکی تر بۆ خولێکی تری دەورانی کورد هاتەوە پێش، هاوشێوەی رابردوو نەبین؟ دەتوانم وەڵام بدەمەوە کە بێگومان نەخێر. ئێستاش چاومان بڕیوەتە ئەوەی ئەو قۆناغە دووبارە بێتەوە بە هەمان عەقڵیەت و بگرە خراپتریش بچینەوە کەرکووک و ئیدارەی کەرکووک بەو شێوازە بدەینەوە کە خۆمان و خەڵکی تریش هەموو نەفرەتی لێدەکەن. هەر بەڕاستی نەتەوەیەکی سەیرین، دوای بینینی ئەو هەموو هەڵەیە، دەمانەوێ‌ بچینەوە سەر هەمان رێگا. تەماشای ناکۆکیی ئێستای لایەنە سیاسییەکانی کورد بکەن لەسەر کەرکووک، هەمووی لەوەدا چڕ بووەتەوە چۆن پارێزگار دابنێن و ئەو کەسە کێ‌ بێت کە بازەکە لەسەر شانی دەنیشێتەوە؟ بێ‌ ئەوەی بیر لە دەرئەنجامەکانی بکەینەوە؟ بێ‌ ئەوەی لە خۆمان بپرسین ئەی پێشتر پارێزگارمان نەبوو؟ ئایا تەنها بە دانانی پارێزگار چی لە کێشەکانی کەرکووک دەگۆڕێت؟ ئەوە گریمان پارتی و یەکێتیش لەسەر کەسێک بۆ پارێزگار رێککەوتن، ئایا پێکهاتەکانی تر هەر وا بە ئاسانی پارێزگارێکی کورد لەم هەلومەرجەدا قبوڵ دەکەنەوە؟ ئەگەر هەموو لیستی برایەتی چوونەوە ئەنجوومەن و ئەمجارە تورکمان و عەرەب نەهاتن، بڕیارەکان نابێتەوە بڕیاری لیستی برایەتی؟ بەغدای ئێستا ئەوە پەسەند دەکات تورکمان و عەرەب لە هاوکێشە و بڕیارەکاندا بخرێنە دەرەوە؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری تر، پێویستە هێزە سیاسییەکانی کورد وەڵامیان لابێت و چارەسەریان بۆ هەر ئەگەرێک دۆزیبێتەوە، ئەوکات هەنگاو بنێنەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئیدارەی کەرکووک.

بۆ کەسانی ژیر زۆر جار شکست دەبێتە دەرفەتی گەورە بۆ هەستانەوە و بەپێوە راوەستانێک کە جاری تر بە ئاسانی نەکەوێتەوە. کورد ئێستا دەرفەتی ئەوەی هەیە لەدوای ئەو شکستانەی لە کەرکووک بەسەریدا هاتوون، هەڵەیەک راست بکاتەوە کە یارمەتیدەری بێت لەوەی جارێکی تر بە ئاسانی نەکەوێت. ئەویش ئەو راستیەیە کە پێویست بوو لە رۆژی دوای کەوتنی سەدامەوە، لە دەستپێکی چوونەوەیەوە بۆ کەرکووک پەیڕەوی بکردایە، (دۆزینەوەی هاوبەشێکی راستەقینە). سەرباری ئەو راستییە مێژووییانەی کوردستانیبوونی کەرکووک دەسەلمێنن، بەڵام بەهۆی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی و لێکەوتەکانی پرۆسەی بەعەرەبکردنەوە، کورد بە تەنیا ناتوانێ‌ خاوەندارێتی لە کەرکووک بکات. دەبوو تورکمانی وەک هاوبەشێکی راستەقینە بهێنایە بەرەی خۆیەوە تا رەوایەتی زیاتری پێبدرایە لە دەرهێنانی کەرکووک لەدەستی عەرەب. نەمانکرد و ئەنجامەکەیمان بینی. ئەوەش راستە کە زەمەن ناگەڕێتەوە تا ئێمە ئەو هەڵەیە نەکەین، بەڵام بە سیاسەتی دروست دەتوانرێت قەرەبووی هەموو هەڵەیەک بکرێتەوە.

زۆر خاڵی هاوبەش هەن کورد و تورکمان پێکەوە دەبەستنەوە، زۆر بەرژەوەندیش هەن دەتوانن بۆ داهاتووی زۆر دوورتر زامنی پێکەوەیی نێوانمان بن، مەترسیگەلێکیش هەن لە ئێستا و داهاتوودا دەبنە هەڕەشە لەسەر هەردوولامان. دەرفەتە بە قۆستنەوەی هەریەک لەو هاوبەشییانە لە ئێستای کێشە و پرسی پارێزگاری کەرکووکدا دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی، کورد و تورکمان رێگا راستەکە بگرینەوە بەر. بەتایبەت کە ئێستا تورکمان بۆی دەرکەوتووە ستراتیجی بەغدا چییە بەرامبەریان، ئەوە دەزانن لە قۆناغی یەکەمدا گۆڕینی هاوکێشەی مەزهەبیی تورکمانە لە زۆرینەی تورکمانی سوننەوە بۆ زۆرینەیەکی تورکمانی شیعی و لە داهاتووشدا توانەوەی تورکمانی شیعەیە لەنێو مەزهەبی شیعەی عەرەبیدا. بۆ ئەوانیش کورد تاکە پەنایەکە بەهۆیەوە بتوانن پارێزگاری لە ناسنامەی خۆیان بکەن.

تورکمان ترسی لە داهاتووی خۆی هەیە، پێویستی بە دەستەبەرکردنی دڵنیایی پێشوەختەیە. کوردیش پێویستی بە هاوبەشە لە کەرکووک. دەکرێت لە ئێستاوە بیر لە رێککەوتنێکی ستراتیجی لە نێوان کورد و تورکمان بکرێتەوە. (کورد ئەگەر شینەکەی بۆ هەریسەکە نەبێت و بەڕاستی بۆ حوسێنی بێ‌) نابێ‌ چاوی زۆر لەسەر پۆستی ئیداری بێت ئەوەندەی چارەنووس و ناسنامەکەی بەلاوە گرنگ بێت. دەکرێت لەگەڵ تورکمان بەو جۆرە پێکبێن کە پۆستی پارێزگار و چەند پۆستێکی تری ئەمنی و خزمەتگوزاری (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) لە نێوان کورد و تورکمان بەهاوبەشی بەڕێوە ببرێت تا داهاتوویەکی دوور. لە هەڵبژاردنیشدا کورد و تورکمان لیستی هاوبەش پێکبهێنن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا. ئەمە بکرێتە بناغەی قۆناغی داهاتووی کەرکووک. بەمە ئەو هەڵەیەی سەرەتا راست دەکرێتەوە، ئەو بێمتمانەییەی دروست بووە دەڕەوێتەوە، کورد و تورکمان لە پەراوێزخستن دەپارێزێت، رێگە و زەمینە بۆ پێکەوەژیانێکی واقیعی خۆش دەکات کە بۆ داهاتوو هەردوولا ببنەوە خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە لە چارەنووسی کەرکووک. 
رەنگە ئەمە تاکە رێگەی راست بێت کورد بتوانێ‌ بەهۆیەوە شانسێکی تری هەبێت بۆ کەرکووک، بەڵام ئایا رێگا راستەکە دەگرێت؟

PM:12:45:19/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌