پارتی سەری نایەشێ‌ و پەڕۆی لێ دەبەستێ

عارف قوربانی

لە دوای ریفراندۆم و تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بەدواوە، پارتی بە تەواوی خرایە گۆشەیەکەوە. نیوەی ناوچەکانی کارکردنی خۆی لەدەستدا و گەمارۆی سیاسی و ئابووری و سەربازی خرایە سەر، پۆستی سەرۆکی هەرێمی لەدەستچوو، گوشار خرابووە سەری تا حکومەتیشی لەدەست دەربهێنرێت و خۆریان بەرەو ئاوابوون بچێت. 

چاوەڕوانییەکان بۆ لاوازبوونی پارتی بەجۆرێک بوون، کەم کەس پێیوابوو بە ئاسانی دەتوانێ‌ بێتەوە گۆڕەپانەکە. بەڵام نەک هەر پارێزگاری لە مانەوەی خۆی کرد، بەڵکوو یارییەکەی بەجۆرێک هەڵگێڕایەوە کە بۆ یەکەمجار لەدوای شۆڕشی ئەیلوولەوە ببێتە حیزبی یەکەمی خاوەن بڕیار. لەدوای ئەو رووداوانە، ئێستا پارتی دۆخێکی بۆ دروستبووە، بە درێژایی مێژووی بنەماڵەی بارزانی و تەمەنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرفەت و دەستکەوتی وەکوو ئێستا نە بۆ ماڵبات و نە بۆ حیزبەکەشیان نەڕەخساوە.

 بارزانی لە دەرەوەی دامەزراوەی دەستووری و هیچ ناو و پۆستێک کە ئیجماعی سیاسی لەسەر بێت، بەڵام لەڕووی واقیعییەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە مومارەسەی رۆڵی مەرجەع یان رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بکات. کوڕی بارزانی بووە بە سەرۆکی حکومەت، برازای بارزانی بووە بە سەرۆکی هەرێم، حیزبەکەشی بە خاوەن گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی. لە شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە تا ئێستا ئەم بنەماڵەیە لە ترۆپک و ریزی پێشەوەی مەسەلەی کوردن لە ناوچەکە و بەتایبەتیش لە کوردستانی عێراق. پارتیش لە دروستبوونییەوە تا ساڵی 1975 تەعبیر بووە لە دۆزی نەتەوەیەک. لە 1991یشەوە شانبەشانی یەکێتی نیشتمانی هەمان رۆڵ دەگێڕێت. وەلێ‌ هەل و دەرفەتی لەو شێوەیەی ئێستای بۆ نەڕەخساوە، کەچی لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لەو سەروەرییانە و ئەو دەستکەوت و دەرفەتانەدا بکات کە لەبەردەستیدان، بەهۆی مەستیی سەرکەوتن و غروری دەستکەوتەکانی، خەریکە لەخۆی تێکدەدات. لە کوردەواریدا پەندێکی باو هەیە دەڵێت: (سەری نایەشێ‌ و پەڕۆی لێ دەبەستێ).

دوو ساڵی رابردوو کوردستان پڕ بوو لە تەنگژەی سیاسی، ناکۆکی و ململانێ تا ئاستێکی زۆر مەترسیدار هەڵکشان، ئەگەرەکانی بەریەککەوتن و دابەشبوونەوە بۆ دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی بووبوون بە ئەگەری چاوەڕوانکراو. کاتێکی زۆری ویست تا زەمینەی گفتوگۆ و دانوستاندن رەخسایەوە و کەشێکی سیاسی بە قازانجی پارتی دروستبوو کە هێزە رکابەر و نەیارەکانی ئەو سەرکەوتنانەی پارتی هەزم بکەن و بچنە ژێر چەتری حوکمڕانیی پارتییەوە. لە هەلومەرجێکی وادا پارتی پێویستی بە رەخساندنی کەشێک بوو کە هێزەکانی تری بەشدار لەم (مەنزوومە حوکمڕانییەی پارتی) رۆژ لە دوای رۆژ مەیل و ئارەزووی هاوبەشیکردن لەلایان باڵای بکردایە. بەڵام پارتی نەفەسی کورت بوو، زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا پاشەکشەی بەو مەیلە کرد. ئێستا و پاش کەمتر لەسەت رۆژ لە پێکەوەبوونی ئەم قۆناغە زێڕینەی پارتی، بەشێکی بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێککەوتنەکانەوە، هاوبەشەکانی نیگەرانن و نەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ نیگەرانییەکانیان کوردستان دەباتە قۆناغێکی نەویستراو و ژینگەیەکی سیاسی نەخوازراوەوە. 

پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکێشەی ناوچەکە وەک ئەوەی هەیە ببینێت، ئەو پێشهاتانەی چاوەڕوان دەکرێن لە داهاتووی نزیک و دوورمەودا رووبدەن، لەبەرچاویان بگرێت. بەدڵنیاییەوە سەرباری ئەو واقیعەی بۆ پارتی دروستبووە کە حیزبی باڵادەستی ناو حوکمڕانیی کوردستانە، بەڵام بەتەنیا نەک دەرەقەتی رووداو و پێشهاتەکان نایەت، بەڵکوو بەتەنیابوونی پارتی لە واجیهەی کوردستان، لە هاوکێشە ناوچەیی و هەرێمایەتییەکاندا کوردستان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەکاتەوە. راستییەکی تاڵیش هەیە دەبێت خەڵکی کوردستان لەبەرچاوی بگرن، ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی بەجۆرێک وابەستەی ژیانی حیزبی کراوە، دواجار شکستی حیزبێک لەسەر حسابی شکست و بەقوربانیکردنی میللەتەکە تەواو دەبێت.

 ئەمە لە رابردووشدا هەروا بووە و بۆ داهاتووش بەو جۆرەیە. بۆیە پرسەکە تەنیا پەیوەست نییە بەوەی پارتی چی دەکات، چونکە ئەگەر لێبگەڕێین و بگوترێت چی دەبێت با پارتی باجەکەی بداتەوە، ئەوە تێڕوانینێکی هەڵەیە، پارتی بەتەنیا باجی هیچ هاوکێشەیەک ناداتەوە.

چەند رۆژی رابردوو هەندێ کێشەی نوێ‌ لە نێوان پارتی و یەکێتی سەریان هەڵدا، یان روونتر بڵێم کێشەکان هەبوون و خەفەکرابوون، بەڵام سەریان هەڵدایەوە، وەک رێگری لە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی بۆ چوونە ناو هەولێرەوە کە جگە لە رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان، دوو جاری تریش پارتی ئەمەی لەگەڵ ئەم هێزە هاوبەشە سیاسییەی کردووە. بەدوای ئەویشدا تەقەکردن لە بارەگای یەکتری لە سنووری سلێمانی و هەولێر. ئەم رووداوانە هاوکاتن لەگەڵ کۆمەڵێک پێشهات و رووداوی زۆر گەورەی ناوچەکە، ململانێی ئێران و ئەمریکا، چوونە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئەگەری بەریەککەوتنی سعودیە و ئێران، تەدەخولی راستەوخۆی ئیسرائیل لە کێشەکان کە چاوەڕوان دەکرێت هەموو جیهان پەلکێشی خۆی بکات. لە عێراقیش بەدەر لە هەڵبژاردنێکی گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەبەردەم پرۆسەیەکی گوماناویی چارەنووسسازداین کە چارەنووسی نیوەی خاکی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە جگە لە بۆسەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵی بۆ سزادان و لە قاڵبدانی هەرێم و دروستبوونی مەترسی لەسەر قەوارە دەستوورییەکەی. کەچی ئەم دوو هێزە سیاسییەی کە ئەرک و بەرپرسیارێتی پرسی نەتەوەیی ئەم قۆناغەیان لە ئەستۆیە، لێرە خەریکی داخستنی بازگەن بەڕووی یەکتریدا.

بەراورد بە پرسە گرنگەکانی کورد، هەروەها بەراورد بەو هەڕەشە و مەترسیانەی لە ئایندەدا رووبەڕووی میللەتەکەمان دەبنەوە، ئەم کێشە و گرفتانەی ئێستا لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەن، شتی زۆر بچووکن. 

بەڵام چارەنەکردنیان و سپاردنیان بەقەدەر، یان تێپەڕاندنیان و جێهێشتنیان بۆ ئەوەی بەتێپەڕبوونی کات زەمەن چارەسەریان بکات، بەدڵنیاییەوە لێکەوتەکانی زۆر خراپ دەبن و ئەو پێشهات و مەترسیانەی لە داهاتوودا ئەگەری روودانیان هەیە، خێراتر دەکات. بۆیە ناکرێت هەروا بە سادەیی لەم کێشە و رووداوانە بڕوانرێت و پێویستە ئەوانەی لە خەمی ئایندەیەکی باشتردان بۆ کوردستان، بەهەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە ریشەی ئەم ناکۆکی و وردە کێشە و ململانێ‌ ناڕەوایانە چارە بکەن، تا توانا و کاتی چارەکردنیان تێنەپەڕیوە.
 
پارتی وەک ئەوەی سەرکردایەتی ئەم قۆناغە دەکات، بەرپرسیارێتی یەکەمی دەکەوێتە ئەستۆ لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و دوورخستنەوەی کوردستان لە هەر ناسەقامگیرییەک کە دوور نییە بەهۆی رووداوێکی بچووکەوە تووشی ببین. چونکە ئەگەر خوانەکردە کوردستان بگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژە رەش و مەینەتییانەی بەرۆکی یەکترمان گرتبوو، ئەمجارە بە مەرگی یەکجاریی نەتەوەکەمان کۆتایی دێت.

PM:01:01:23/09/2019