ژن، چۆن بێت؟

بێریڤان سەرھەنگ

ژن سروشتێکی زۆر جوانە، ژن دەتوانێ رۆڵی خۆی وەکو ژن لەناو کۆمەڵگا بپارێزیت و ھەروەکو ژنیش بمێنێتەوە و رەوشت و مامەڵەی ژنانەی خۆی ھەبێت.

ھەموو ژنێک جوانە گەر ئەو ژنە خۆی خۆشبووێت و بڕوا و رێز لە ژنبوونی خۆی بگرێت و کەسایەتییەکی بەھێزی ھەبێت، ئەویش بە بەڵێ بڵێت بەڵێ و بە نەخێر بڵێت نەخێر، دڵی خۆی رازی بکات پێش ئەوەی کەسێکی تر رازی بکات، بە قەناعەت وەڵام بداتەوە، بۆ ژن گرنگە کە خۆی پەیوەندی لەگەڵ خودی خۆیدا ھەبێت، بزانێت چی گرنگ و پێویستە بۆ ئەو خۆی لەبیر نەکات و شانازی بەخۆی و بیروباوڕ و جوانییەکەی خۆی بھێنێت، خۆی بەرز رابگرێت.

لەھەمانکاتدا کەسێکی سادە و دڵفراوان و خۆشەویست بێت، شەرمن بێت، مەبەست لە شەرم ئەوەیە زمانێکی پاراوی پاک و خاوێن دوور لە جنێو و وتەی زبر بێت، بەڵام شەرمن نەبێت لەکاتی پێشلێکردنی سنووری ژنایەتی، قبوڵ نەکات، ئەوەش مانای رێزگرتنە لە مرۆڤ بوون و کەسایەتی خۆی.

ئەو ژنانەی کە خۆیان لەبیر دەکەن بە گرنگیدان بە رێکخستن و پاک و خاوێن راگرتن و لە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگی جۆراوجۆر لە رووخسار و جەستەدا. ئەو ژنانەى ھەمیشە خەریکی ئیشی ناوماڵ و چێشتلێنان و منداڵ بەخێوکردنن، ئەم جۆرە ژنانە سەرنجڕاکێش نابن بۆ ھاوسەرەکانیان و دوور دەکەونەوە لە بەدەستھێنانی خۆشەویستی لە ھاوسەرەکانیانەوە.

ژن دەبێت خۆی بڕیاردەر بێت لەسەر پۆشاکی خۆی، چونکە ھەر خۆی دەزانێت چی بۆ گونجاوە و بەچی جوانییەکی دیارە، شانازیکردن بە جوانی رووخساری و دەروونی خۆی بەردەوامبوونە بۆ سەرکەوتنی ژیانی ھاوسەری.

دوو بیروڕای جیاواز ھەیە لەسەر ژنان، ھەندێ لە دەروونناسان دەڵێن ژنی جوان بەختەوەر و و سەرکەوتووترە بە بەراورد لەگەڵ ژنانی تر. بەشێکیش دەڵێن مەرج نییە ژن جوان بێت، چونکە جوانیی ژن گرنگە لەناخەوە بێت نەک لە رووخسار ئەویش بە ھەڵسوکەوتی ژنەکە دەردەکەوێ لە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵایەتیی خێزانیدا کە لەناخەوە جوان و شیرینە .

من دەڵێم مەرج نییە ئەوەی لە رووخساردا جوان بێت لە ناخ و رەوشتدا جوان نەبێت، بۆیە دەڵێت جوانی ژن دیارییەکی بەخشندە و پیرۆزە و پێشکەش بە ژن کراوە، ئەوکاتە ژن زۆر بەختەوەرە کاتێک جوانی رووخسار و جوانی ناخ و دەروون لەھەمان ژن کۆدەبێتەوە و ئەمەش بەھرەیە و پاداشتێکی گەورەیە بەخشراوە بە ژن.

PM:06:04:27/11/2019