رەفتارەکانی ئەمەریکا پێچەوانەی کشانەوەیە

داهۆ سالم

دوای ئەوەی لە 19ی دیسامبەری ساڵی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە سوریا و بەتایبەت ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات بکشێنێتەوە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێن، تائێستا ئەو بڕیارەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پراکتیکی هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە. هەرچەندە لە ساتەوەختی راگەیاندنی بڕیارەکەدا، وابڵاوکرایەوە کە لەماوەیەکی کورتدا کشانەوەکە دەسپێدەکات، هاوکات لەگەڵ ئەو بڕیارەدا پەیڤداری کۆشکی سپی رایگەیاند لەئێستاوە کارمەندەکانی وەزارەتی دەرەوە دەست بە جێهێشتنی رۆژهەڵاتی چۆمی فورات دەکەن. ئەو هەواڵە نەک بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو بۆ هاوبەشەکانی ئەمەریکاش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش چاوەڕوان نەکراوبوو، بەڵام دژبەیەکی و ناڕوونییەک بە هەڵوێستی ئەمەریکاوە دەردەکەوێت، بەتایبەت بەردەوامی لە هەناردەکرنی کاروانی سەربازی بۆ رۆژئاوای کوردستان، کە دواهەمینیان وەک لە میدیاکانەوە باسکرا لەو چەند رۆژەی پێشوودا نزیکەی 250 بارهەڵگر پێداویستی سەربازی ئەمەریکا رەوانەی بنکەیەک لە باشووری کۆبانێ کراوە کە لە نێویاندا ئۆتۆمبێلی سەربازی هەبووە.

ئەوەی جێی سەرنجە، لەدوای بڕیارەکەوە تائێستا هیچ سەربازێکی ئەمەریکا لە ناوچەکانی بندەستی هەسەدە "کە کوردەکانی رۆژئاوا پێکهێنەری سەرەکین تێیدا" پاشەکشەی نەکردووە. جگە لەوەی دوای بڕیارەکە جۆرێک لە ناڕوونی بەرانبەر جێبەجێکردنی هاتەئاراوە و خودی سەرۆک ترامپ لە چەند بۆنەیەکدا هەندێ زیادە و وشەی لاستیکی بەکارهێنا لەمەڕ کات و چۆنێتی پاشەکشەکە کە بەلای چاودێرانەوە بە پاشگەزبوونەوە دەهاتە ئەژمار. سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئەوەی مایەی هەڵوەستەکردنە، ئەمەریکا بەردەوامە لە ناردنی کاروانی زەبەلاح لە چەک و پێداویستی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی فورات. ئەوەی تائێستا بۆ میدیاکان ئاشکرابووە لەپاش بڕیارەکەی 19ی دیسامبەرەوە ئەوە دووەمین کاروانی چەک و تەقەمەنی سەربازی ئەمەریکایە دەربازی ناوچەکە دەبێت کە هاوکاتە لەگەڵ بچوکبوونەوەی هێڵی بەرەیی لەگەڵ چەکدارانی داعش دواساتەکانی جەنگی دەرهێنانی زەوی لەگەڵ ئەو گروپە لە سوریادا. لەکاتێکدا لۆژیکی نییە گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا بۆ هەسەدە هەڵبکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ رژێمەکەی "ئەسەد" رێکبکەون کە بۆ خۆی لە هەموو شیمانەیەکدا رێکكەوتن لەگەڵ دیمەشق بە واتای رادەستکردنی رۆژهەڵاتی فورات و گەڕانەوەی دیمەشق دێت بۆ ناوچەکانی بندەستی کورد و هەسەدە. لە وەها رەوشێکدا ناکرێت ئەمەریکا چەکی خۆی لەبەردەستی سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانیدا بەجێبهێڵێت کە خۆی لە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانیدا دەبینێتەوە.

هەموو ئەمانە و مژارێکیتر کە خەوشی تێدایە ئەوەیە ئەمەریکا بەناوی دابینکردنی سەیفتی پاشەکشەی هێزەکەیەوە لە سوریا هێزی زیاتری رەوانەی سوریا کردووە. ئەوەی راگەیەنراوە نزیکەی 2000 سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکانی "هەسەدە" دا هەن. پاشەکشەی هێزێک بەو ئەندازەیە پێویستی بە هێزی زیاتر نابێت بۆ پارێزگاری لەکاتی پاشەکشەدا. وەکو ئاشکرا کراوە ئەوانە بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە خاکی عیراقدا دەکشێنەوە، کە لەهەموو دۆخێکدا دەتوانرێ بەچەند کاژێرێک جێەبەجێ بکرێت.

لە کۆتاییدا ئەوەی لە سوریا روودەدات پێچەوانەی گوفتارەکانە. هێشتا روون نییە ئەمەریکا کەی دەکشێتەوە؟ ئەگەر کشایەوە چۆن دەکشێتەوە و رۆڵەکە بۆ کێ بەجێدێڵێ؟ تائێستا باس لە بلۆکی عەرەبی دژە "ئیخوان"ی دەکرێت وەک سعودیە، میسر و ئیمارات. لەلایەکی تر دەنگۆی هاوپەیمانە نەژادییەکانی ئەمەریکا لەمەڕ بەریتانیا و ئوسترالیاش دەکرێت، کە لە چوارچێوەی ناوچەی ئارامدا جڵەوی ناوچەکەیان رادەست بکرێت.



AM:12:24:08/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌