شاسواریش ماسکەکەی هەڵماڵی

داهۆ سالم

ئەو پەلامارە توند و هەڕەشە ئامێزەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە کرایە سەر کوڕانی تاڵەبانی نەک لە جیهانی سێ و کۆمەڵگاکانی تازەپێگەیشتوو، بگرە لە جیهانی رۆژئاواشدا قبوڵکردنی قورسە. نموونەی وا نییە، هێزێک سوپای هەبێ، دژەتیرۆری هەبێ، ئاسایش و پۆلیسی هەبێ تەشهیر و تۆمەت و پەلامارێک بەو قەبارە قبوڵ بکات. خودی دەربڕینەکە جۆرێکە لە شۆک، چونکە گرژییەک بە ئەندازەی ئەو تێرمە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنە لە گۆڕێدا نییە.

بۆ لەم کاتەدا؟!
ئەو قسانەی شاسوار هەروا رێکەوت نییە، ئەوە لە کاتێکدایە دۆخی نێوان یەکێتی و پارتی بە ئەندازەی دەورانی شەڕی ناوخۆ خراپە. پیلانگێڕییەک لەدژی یەکێتی لە ئارادایە. لایەنەکانی بەشدار لە پیلانگێڕییەکە هەریەکە و رۆڵێکیان پێدراوە، ئەو قسەیەی شاسوار کە بۆنی خوێنی لێدێت، هەر بەشێکە لەو گەلەکۆمەکێیە. تەنانەت هەڵبژاردنی ئەو دەستەواژەیەی کە دەڵێ "دەبێ کوڕانی تاڵەبانی هەڵبواسرێن" مەسیجی سەرانی موئامەرەیە بە فیلتەری مەرکەزی ئەواندا تێپەڕیووە. ئەگینا لەم کاتەدا ئەو دەربڕینە جگە لە پارتی خزمەت بە هیچ لایەک ناکات و کوڕانی تاڵەبانیش ئەگەر نەنگی و کورتیشیان هەبێت شایەنی هەڵواسین نین. رەوشی ئێستای نێوان یەکێتی و "نەوەی نوێ"کەی هێندە خراپە دەستوبرد بە ڕستەیەک دابەزیت ئەو هەموو لۆدەی هەڵگرتبێ.


سەرقاڵکردنی یەکێتی لە "بەرە"یەکی ترەوە
واقیعی حاڵ دەریدەخات هەم کاتەکە و هەم هەڵبژاردنی ریتمی رستەکەیش بە ئەنقەست و بە پلان فڕێ دراوە. هەڵبژاردنی جۆری قسەکە بۆ خۆی هێندەی ئامانجی سایکۆلۆژی هەڵگرتووە لەپێناو ناچارکردنی یەکێتی بە کاردانەوە، هێندە لۆژیکی نییە، ئامانجەکەش بۆ کردنەوەی بەرەیەکی تری فشارە بۆ سەرقاڵردنی یەکێتی لە بەرژەوەندی لایەنی تر لە ئێستادا، چونکە هێشتا کوڕانی تاڵەبانی لە هاتنەناوەوەیان بۆ کایەی سیاسی چ لە حیزب یان حکومەت لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستاندا لەبەردەم تاقیکردنەوەدان، بەشاهێدی هەموو لایەک ئەو ماوە کەمەی کە هەردوو "کوڕ" پراکتیزەیان کردووە، بافڵ تاڵەبانی لە حیزب و قوباد تاڵەبانی لە حکومەت سامپڵێکی سەرکەوتوو بووە، بەڵام هێشتا ئەوان لە هیچ بوارێکدا بەرپرسیارێتییەکی رەهایان لە ئەستۆ نەگرتووە تاکو سزایەکی لەو جۆرە چاوەڕێیان بکات. ئەگەر قەراربێت لەسەر ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم خەڵک سزابدرێت، ئەوا لەشکرێک لە بەرپرس لە هەموو حیزبەکان، تەنانەت ئەوانەی دەسەڵاتی ئەوسا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەوڕۆکە، لەپێشی کوڕانی تاڵەبانییەوە ریزیان بەستووە.



AM:12:28:24/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 6287 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌