بەڕێز سەرۆک کۆمار

داهۆ سالم

هەروەک گشت بوارەکانی کاری سیاسی لەم وڵاتەدا لە گێژاودایە و هەموو کەس خۆی لەهەموو بوارێک هەڵئەقورتێنێ و لاساییکردنەوە و پەلەپەل و راکەڕاکەی داهێنانی کارێک بۆ سەرنجڕاکێشانی جەماوەر بووە بە نەریت، ئاوەهاش گشت ئاست و مەقامە سیاسییەکانی گرتووەتەوە. مۆدێلی پۆپۆلیزم کە بەم دواییانە لەناکاو  هاتە سەر شانۆی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بەهەمان شێوە لەماوەیەکی کەمدا بەسەرچوو و زۆری نەخایاند کپ بوویەوە و هەر زوو جەماوەر لەوەش تەوەلا بوو، بەڵام ئەندێشەی پۆپۆلێزم وادیارە لە هزری کاراکتەرە سیاسییەکاندا هەر ماوە، بە جۆرێک هەستدەکرێت سەرۆک کۆمار هەر فرە بەتەنگ ئەو شێوازەیە لە مامەڵەکردنی لەکاری سیاسیدا.

لەو ماوە کەمەی تەمەنی سەرۆک کۆماری نوێدا ئەمە دووجارە دەکەوێتە داوی خولیای پۆپۆلیست بوونەوە، یەکەمیان ئەو سەردانە لەناکاوەی بوو بۆ موسڵ لە نەورۆزی ئەو ساڵدا بەهۆی ژێر ئاو کەوتنی ئەو بەلەمەی کە نزیکەی پەنجا کەسێکی تێدا خنکا، کە سەرۆک کۆمار بەبێ هیچ پرۆتۆکۆل و رێوشوێنێکی شایستە و لەبەرچاوگرتنی رێوشوێنی تەناهی کە لەئاست پلەی سەرۆک کۆماردا بێت خۆی گەیاندە شوێنی رووداوەکە. بەڵام لەوێ سەرۆک ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتێک بویەوە دڵی نەیارانی خۆشکرد.  نابێ سەرۆک کۆمار خۆی بخاتە رەوشێکەوە پەلاماری یەخەی کراسەکەی بدرێت شکۆی ئەو شکۆی گەلێکە کەمی نەکردووە و هێشتا برینی قوربانییەکانی قەتماغەی نەبەستووە. جا ئەو رووداوە چ ژمارەیەکی کەمی کەسانێک بن یان دەستی هەر کەس و لایەنێکی لە پشت بێت، هیچ لە ئاکامەکە ناگۆڕێت، چونکە ئەو دیوەی سەردانەکە بووبە بابەتی میدیا و راگەیاندنەکان، دیمەنە ڤیدیۆییەکانی رووداوەکە بوون بە سەرباسی هەواڵەکان. دووەمیان بەشداریکردنی بوو لە فیستیڤاڵی ئێل بەگی جاف لە ناوچەی قەرەداغ. وێڕای ئەو تێبینی و سەرنجانەی لەسەر خودی ئەو جۆرە بۆنە و مەراسیمانە هەیە کە ئەگەر خێرێکی بۆ سیاسەت تێدا مابێ ئەوا بەپێی واقیعی رۆژگار و هەلومەرجی جیهانی لە گیانەڵادایە و مانەوەی ستراکچەری خێڵ لە قۆناغی رەمزیدایە، ئەوا ئامادەگی سەرۆک کۆمار لەو بۆنە و جێگەیەدا زۆر لە پێگە و مەکانەتی سەرۆکی وڵات بچوکترە، لەوەش زیاتر ناکرێ سەرۆک کۆمار پارێزبدات بەجۆرێک ئەو دابنیشێت و چەند مەترێک لە دووری ئەوەوە خەڵک بکوژرێت و بکوژیش هەڵبێت، لەکاتێکدا ئەو رووداوی کوشتنە دەزگای سیخوڕی گەورە و پلانێکی سیاسی نەبێت ئەگەر وابووایە بەم شێوەیە لۆمەی سەرۆکمان نەدەکرد، بەڵکو ئاریشەی کۆمەڵایەتی و عەشایەری بێت و لەبەردەم سەرۆک کۆماردا تەسفیەی حیساباتەکەی بکرێت.

جەنابی سەرۆک واز لە کاری پۆپۆلیستی بهێنە!

خۆی هەر لە بنەڕەتەوە کاری پۆپۆلیستی کەمجار (نەک هەرگیز) هەبووە بە پیاوی راستگۆ و سەرڕاست بکرێت، وەک هەندێک پێناسەی سیاسەت بە "فریودان و فرت وفێڵ" دەکەن ئەوا ئەم پێناسەیە ئەگەر لە هەندێ بواری سیاسەت دا وەها نەبێت، بەڵام لەگەڵ وێستگەی پۆپۆلیزمی سیاسیدا زۆر یەکدەگرێتەوە. جارێ هەرناکرێ کاراکتەری سیاسی راشکاو و دەستپاک و حەقبێژ، خۆشەویستی  جەماوەربێت. بۆیە جەنابتان ئێستا لەبەرزترین پۆستی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریدان، ئیتر لە دەوڵەتدا مەقامێک لەوە بەرزتر نییە و ئەوە لوتکەیە. بۆیە شانازی دەکەم کاری جەنابتان لە ناوەندە جیهانییەکاندا چڕببێتەوە، ئەگەر جیاوازییەکیشمان هەبێت دواجار وەک کوردێک چاودڵمان رۆشن دەبێت ئەسپی خۆت لە سەر شانۆی نێودەوڵەتی تاوبدەیت. با ببینین بە وتارەکانت کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان سەرسام و بێدەنگ بکەیت، بڕۆ مەیدانی کاری ئێوە ژێر خێمەی خێڵ و بەلەمێک نییە بووبێتە هۆی خنکانی پەنجا کەس، چونکە جارێ هەر لەو شارە تەرمی هەزاران ژن و منداڵ لە ژێر داروپەردووی داڕوخاوی موسڵ دا دەرنەهێنراوون، کارەکە لە سنووری پەنجا کەس زۆر گەورەتر و سەختترە ئەوێ لێگەڕێ بۆ خۆیان. بڕۆ دەرفەتە و ئازاری هەزارساڵەی گەلەکەت بەگوێی جیهان بچرپێنە، با بتبینم لەبۆنە جیهانیەکاندا کە لەسەر ستەیج بەئازار و مەرگەساتەکانی گەلەکەت چاوی نوێنەرانی دونیا پڕبکەیت لە فرمێسک و گەروویان بە قۆڵپی گریان، دابەزیت و سەرۆکانی جیهان لە ئامێزت بگرن. 
دەرفەت لەدەست مەدە، بە پایتەختەکانی جیهاندا بگەڕێ، بەزمان نا، بەڵکو بە ئاماژەی عەقڵ پێیان بڵێ من نوێنەری ئەو گەلەم کە ئێستاش خاک و ماڵ و نیشتمانی دەسوتێنرێ و وێران دەکرێ و هەموو چرکەساتێک لە بەردەم ئاڵنگاری قڕکردنداین.

سەرۆک... ئەگەر هەر ویستت بەردەوام بیت لەسەر میتۆدی پۆپۆلیزم دەی بڕۆ لەو مەیدانە گەورەدا باشترە ئەو کارەبکەی.

PM:11:44:01/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌